شیعرێکی حەسیب قەرەداخی بۆ مەلا مستەفا بارزانی

شاعیری کۆچکردووی کورد، حەسیب قەرەداخی کە بە شێخی شاعیران ناسراوە لە ساڵی 1995، شیعرێکی بە ناونیشانی "بۆ بارزانی"نووسیوە و بەهات حەسیب، کوڕی شاعیری کۆچکردووە ئەمڕۆ لە یادی 122 ساڵەی له‌دایكبوونی مەلا مستەفا بارزانی، شیعرەکەی باوکی بۆ کوردستان24 ناردووە.

ئەمە دەقەکەیەتی:

بۆ بارزانی

 1995       حەسیب قەرەداخی

 

كە تۆ هەبووی هەر تۆ هەبووی

هەبوویی، سەرووی گشت هەبووان بووی !

هەركەس سەری لێ دەشێوا

هەركەس رێگەی لێ ون دەبوو تۆ باوان بووی !

بۆ دڵدارانی ئازادیی تۆ سایە بووی جێ ژوان بووی !

كە تۆ هەبووی ئەمان هەموو دەستەونەزەر چاوەڕێت بوون

دەروێشەكانی دوێنێی خۆت، چی قەوماوە وەها شێت بوون ؟!

 

تۆ خۆرێك بووی ئاسمانی شینی كوردستان

بەشی باڵای نەدەكردی ...

ئەی پێم ناڵێی ئەم رۆژگارە حەرامزادە

لەناو گەڤی ئەم سەگوەڕە نەبڕاوەدا 

بۆ كوێی بردی، بۆ كوێت دەبات ؟! 

چییە دڵم وێران دەكات ؟

دڵم ڕووت بوو... 

ئێستە چمكێ لە یادی تۆی لەبەرایە

بۆچی سەرم دەتەقێنن ؟! 

چونكە ئەویش خۆشەویستیی تۆی وەكوو تاج لەسەرایە؟!

 

ئەوسا ناوت بەڵگەنامەی خەباتمان بوو

ئەمڕۆ بۆچی لەسەر زارمان هۆی هەرایە؟

ئەوسا هەبووی ، ڕابەرمان بووی

ئێستێكەش هەیت ...

ئەو رێگەیەی كە بۆت كێشاین

بەیتی كۆڕی نەدیمانە.

ئەوەی ڕۆژێ لا ڕێتی كرد ، هەتا دەمرێ پەشیمانە !

كە تۆ هەبووی هەر تۆ تۆ بووی ..

ئەمڕۆش ئەگەر ئەم دنیایە شێت بازاڕ بێ

تۆ هەر تۆیت و هەر شێسواریت

تۆ سروودی سەربەستیت و

ئاڵای بەرزی كوردستانێكی یەك واریت !

كوردستانێكی یەك زاریت!