هاکان فیدان: ئەنقەرە بە وردی چاودێریی ڕێککەوتنی نێوان سووریا و هەسەدە دەکات
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەنقەرە بە وردی چاودێریی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. هەروەها گوتیشی: نیگەرانە لە ئەگەری مەترسییەکان بۆ سەر داهاتووی ئاسایشی تورکیا.
فیدان، لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تیڤی 100ـی تورکی ڕایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ سووریا ڕۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، نیگەرانی تورکیای بە بەرپرسانی سووریا گەیاندووە.
هاکان فیدان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر ڕێککەوتنێک بە نیازێکی پاک ئیمزا کرابێت، بەردەوام دەبێت، هەرچەند ڕەنگە لە داهاتوودا هەندێک کێشە سەر هەڵ بدات، ئێمە وەک تورکیا لە نزیکەوە چاودێریی ئەم بابەتە دەکەین.
ڕێککەوتن و یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا دوای پێکدادانە توندوتیژییەکەی هەفتەی ڕابردوو لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت نوێی سووریا و پاشماوەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەشار ئەسەد هات.
فیدان ئاماژەی بەوەش کرد "تورکیا ئەو ڕێککەوتنە وەک پێدانی ئۆتۆنۆمی بە هێزەکانی سووریای دیموکرات نابینێت."