هەوڵ دەدرێت لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی مانگی سێ بنێردرێتە بەغدا

پەیامنێری کوردستان24 هۆشمەند سادق ئەو زانیارییەی پێگەیشت، سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەکان  و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری ڕاسپێردراون لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن.
شەممە 15ـی ئاداری 2025، هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، سەرجەم وەزارەت و دەستەو فەرمانگەکان  و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری ئێستا لە  ئەرکدان بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار، هەوڵ دەدرێت لە نزیکترین کات  لیستەکەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بنێردرێتە بەغدا.
بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری ئاشکرای کردووە "فەرمانبەران سەرمووچەیان بۆ نابەسترێ و زیاد ناکرێت." دەڵێت: هیچ جیاوازیەک لە دەرماڵە ناکرێت جگە لە چەند حاڵەتێکدا نەبێت وەک 'گەڕانەوە لە مۆڵەتی بێمووچە یاخود مۆڵەتی دایکایەتی، کەسێک مانگی رابردوو سزای هەبووە یاخود مۆڵەتی هەبووە و دەرماڵەیەکی کەم کراوەتەوە.' جگە لەمانە، بە هیچ جۆرێک دەستکاریی بڕی مووچە و دەرماڵەکان ناکرێت.
پێنجشەممە 13ـی ئاداری 2025، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی شوبات دەستی پێ کرد، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی هەژماری من مووچەیان وەرگرت، سبەیش 16ـی ئادار  کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینی پیشمەرگە، مووچەی مانگی شوبات وەردەگرن.