سابیئەی مەندائییەکان جەژنی گەردوون دەکەنەوە

پەیڕەوانی ئاینی سابیئەی مەندائی ساڵانە جەژنی گەردوون دەکەنەوە، دەچنە نێو ڕووبار بۆ خاوێنکردنەوەی ڕۆح و جەستەیان، وەک یەک لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکان.

 بەلای ئەوان، ئاو واتای ژیانە، پێنج ڕۆژە سپییەکەی جەژن بەلای ئەوان، ڕۆژ و شەوێکی تێدایە ناتوانرێت لە یەکتر جیا بکرێنەوە.

ئەو جەژنەی سابیئەی مەندائییەکان چەند ڕێوەڕەسمێکی ئاینی لەخۆدەگرێت، تێیدا داوای لێخۆشبوون دەکەن و سەردەمێکی نوێ لەگەڵ خودا دەست پێ دەکەن، لەگەڵ پەرەدان بە یەکڕیزی و برایەتیی نێوان کەسانی نێو تایفەکە.

ڕێوڕەسمەکە بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا نوێژ و نزا دەکەن و خۆیان بە ئاوی ڕووبارەکان دەشۆن، نوێژ دەکەن و ڕۆژوو دەگرن و سەدەقە دەکەن، ئەوانەش لە ڕوکنە سەرەکییەکانی ئاینی سابیئەی مەندائییە.

جەژنی گەردوون، یەکێکە لە چوار جەژنەکەی ساڵانە، جەژنی گەورە "دێهواربە"، ڕۆژی خۆ لە ئاو هەڵکێشانی زێڕین "دەهفا دیمەنە "و جەژنی گەشانەوە "ئەلدەهفا حەنینە".