بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەممەد لە پارێزگای هەڵەبجە دانرا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی پردێکی لە هەڵەبجە دانا و پرۆژەی دروستکردنی سایلۆی هەڵەبجەشی بەسەر کردەوە.

لە چوارچێوەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە یاوەری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەممەدی دانا.

پردی تەنگی سەید محەمەد پڕۆژەیەکی ستراتیجییە لە ناوچەکەدا و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە.

 درێژی پردەکە 600 مەتر دەبێت و بە گوژمەی نزیکەی 27 ملیار دینار لەماوەی 900 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی سایلۆی هەڵەبجەی بەسەر کردەوە و بە دواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆژەکە کرد.

سایلۆی هەڵەبجە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی پارێزگاکەیە و لە ساڵی 2024دا بەردی بناغەی دانراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێت.