وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجوومەنی شارەوانییەكان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە

بۆ یەکەمجار رێکخراوەکان راستەوخۆ بەشدار دەبن لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازيی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی دیکە و سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "ئەنجوومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستی كارەكانیان و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو، لە قۆناغی ئێستا، واتە دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پرۆسەی چاكسازی حكومەت، ئەو ئەنجوومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێك دەهێنێتەوە".

لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجوومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەم لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئەنجوومەنی پارێزگەکان رادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاریدەکرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

یەکەم جارە لە مێژووی حکومەتی هەرێمی كوردستان، رێکخراوەکان راستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن.

 وەزارەتی شارەوانی لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ "دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان وەرچەرخانێکی گرنگە لە بەشداریپێکردنی راستەوخۆی رێکخراوەکان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکومەتی هەرێمی كوردستان رێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یان بەڕێوەبەری وەزارەتەکانی دیکە لەو ئەنجوومەنە وا دەکات کاروباری هاووڵاتییان لە شارەوانی کە پەیوەندیان بە وەزارەتەکانی دیکە هەیە، خێراتر بەڕێوەبچێت، چونکە زۆربەی دامودەزگەکان بەشێکن لە بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانکارییە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و بنبڕکردنی گەندەڵی".

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەكەم:

بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەموارکراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر(پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:

سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

سێيەم:

شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانيش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:

شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:

شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:

شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.