ئۆپیك: خواست لەسەر نەوت زیاد دەكات

"ئابووری جیهان دەبووژێتەوە"

K24- هەولێر:

رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكارانی نەوت "ئۆپیك" لە راپۆرتی مانگانەیدا رایگەیاند، بازاڕی وزەی جیهان روو لە بووژانەوەیە و پێشبینی دەكرێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئابووری جیهان و زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا، تا ساڵی 2021 خواست لەسەر نەوت سنووری 7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێپەڕێنێت، بەڵام وەك ئاماژەی پێدا، ناگاتە ئاستی ساڵی 2019.

ئەمە یەكەم راپۆرتی پێشبینییەكانی رێكخراوی ئۆپیكە كە لەبارەی بازاڕی نەوت و وزە لە جیهان بۆ ساڵی داهاتوو بڵاوی كردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو پێشبینییەكان لەكاتێكدا راست دەردەچێت، كە گرژییە بازرگانییەكانی نێوان چین و ئەمەریكا زیاتر نەبن و ئاستی قەرزەكان روو لە بەرزبوونەوە نەكات و شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا سەرهەڵنەداتەوە.

ئۆپیك لە راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی، "كاتێك ئابووری روو لە بووژانەوە دەكات، كە كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان بكرێت، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەكاربردنی خێزان و كەرتی وەبەرهێنان، ئەمەش بەهاوكاری ئەو رێكارانەی لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا گیراونەتە بەر".

H.B