راگەیەندراوێك لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرەوە
داوایەك لە هاووڵاتیان دەكات
K24- هەولێر:
لە راگەیەندراوێكدا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی دەیان شوێن لە سنووری ئەو پارێزگایە داخران.
لە راگەیەندراوەكەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێردا هاتووە، "لەسنووری هەر (10) قایمقامیەتەکەی پارێزگای هەولێر، لەماوەی یەك هەفتەدا (174) شوێن بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەلایەن لیژنەکانی چاودێری و تەندروستییەوە داخران".
ئاگاداریش دەداتە هاووڵاتیان و کاسبکاران و هەموو ئەو شوێنانەی کە بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن "پابەندبن بە بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان و بەپێی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمامك ببەستن".
جەختیشی كردەوە، "هەر شوێن و کەس و لایەنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی و داخستن دەبێتەوە، بۆیە داواکارین لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، هەموولایەك پابەندی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بن".
H.B