ئافرەتێكی كورد لە كەركووك بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا و پۆلیسیش ھاوسەرەكەی ئەشكەنجە دەدات
ماوەی 6 كاتژمێر لە بەشی تووشبووانی كۆرۆنا دەستی بە تەرمی هاوسەرەكەیەوە كەلەپچە كرابوو
K24- كەركووك:
لە کەرکووك ژنێکی کورد کە تووشی کۆرونا بوو، بەهۆی ئەوەی ئۆکسجینی نەماوە، لە نەخۆشخانە لەبەرچاوی هاوسەرەكەی گیانی لەدەستداوە. تەندروستی کەرکووکیش هاوسەرەکەی بەشکاندنی ئامێرێکی هەناسەدان تۆمەتبار دەكات، بەڵام ئەو رەتی دەکاتەوە.
ئەوەی کە خەڵکی توڕە و نیگەران كردووە ئەوەیە کە پۆلیسێك لە نەتەوەی تورکمان ئەو هاووڵاتیە کوردەی لەپێش چاوی نەخۆشەکان ئەشكەنجە داوە، دواتریش بۆ ماوەی 6 كاتژمێر لەبەشی تووشبووانی کۆرونا دەستی بەتەرمی هاوژینکەی کەلەپچەکرابوو.
هاوسەری مونا ئیسماعیل، بە چاوی پڕ گریانەوە چیرۆكی خۆی و مردنی هاوسەرەكەی لە نەخۆشخانە دەگیڕێتەوە، كە وێڕای گیانلەدەستدانی هاوژینەكەی لەبەر چاوی ئەو، چۆن سووكایەتی پێكراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵیدا كراوە و ئەو دەڵێت: تەنیا لەبەر ئەوە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵیدا كردووە، كە بوتڵێك ئۆكسجینی بۆ هاوسەرەكەی بردووە.
بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆی كەلەپچە كردنی هاوسەری مونا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.
H.B