ژنێکی ئەرجەنتینیی 101 ساڵ بەسەر پەتای کۆرۆنا سەرکەوت

36 رۆژی لە نەخۆشخانە بەسەربرد


K24 - هەولێر
ژنێکی تەمەن 101 ساڵ، دوای بەسەربردنی 36 رۆژ لە نەخۆشخانەیەکی ئەرجەنتین، لە کۆرۆنا چاکبووەوە.

ئایرینا بیندی، ژنە تەمەن 101 ساڵەکە بە چەپڵەڕێزان لەلایەن پزیشک و پەرستارانی نەخۆشخانەی نۆڤا پۆمپێیا لە شاری بۆینس ئایرس، ماڵئاوایی لێکرا.

چیرۆکی ئەو ژنە بەتەمەنە، خۆشییەکی دەگمەن بوو بۆ کارمەندانی نەخۆشخانەکە، چونکە لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تائێستا دوو هەزار کەس لە ئەرجەنتین بەهۆی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان بەساڵاچوو بوون.

بەپێی داتاکانی تەندروستیی ئەرجەنتین، تائێستا زیاتر لە 103 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و نزیکەی 2000 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەتەمەنن.

رێژەی 90٪ـی حاڵەتەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا لە ئەرجەنتین، لە بۆینس ئایرس تۆمارکراون، کە نزیکەی 14 ملیۆن کەسی لێ دەژی.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment