لە سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 300 کیلۆگرام ماستی ماوەبەسەرچوودا گیرا

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت دەست بەسەر (18) سەتڵی گەورەی ماستی بەسەرچوودا گرت کە بڕەکەی زیاتر لە 300 کیلۆگرامە و خاوەنەکەی بەنیاز بووە بەهاووڵاتیانی بفرۆشێت.
لە ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتووە "بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن و بەکارهێنان، لیژنەکان دەستیان بەسەر 324 کیلۆگرام ماستی ماوەبەسەرچوودا گرتووە کە خاوەنەکەی بەنیاز بووە لەبازاڕەکاندا و لەمانگی ڕەمەزاندا بەسەر هاووڵاتیاندا ساغی بکەنەوە.
لەسەر جۆری ماستەکە، ڕاپۆرتی لیژنەکان ئاشکرای کردووە "ماستەکە، لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە هێنراوە و لە (مانگی 2ـی 2025)ـەوە بەسەر چووە، بەڵام خاوەنەکەی بەنیاز بووە بە هاووڵاتیانی بیفرۆشێت."
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەموو ماستەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.