"كاتی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی لالیگای ئه‌م وه‌رزه دیاریكرا"
بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژوودا نازناوه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌درێته پاڵه‌وان
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاری داوه نازناوی لالیگا سبه‌ی بباته یاریگه‌ی ئالفرێدۆ دی ستێفانۆی تایبه‌ت به ریال مه‌درید.
یانه‌ی ریال مه‌درید سبه‌ی پێنجشه‌ممه میوانداریی یانه‌ی ڤیاریال ده‌كات، به بردنه‌وه له‌م یارییه راسته‌وخۆ ده‌بێته پاڵه‌وانی لالیگا بۆ وه‌رزی 2019 ـ 2020.
یانه‌ی ریال مه‌درید و سه‌رۆكی شاره‌وانی مه‌درید له ترسی خڕبوونه‌وه‌ی هانده‌ران و دروستبوونی قه‌ره‌باڵغ به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا هۆشداریی ده‌ده‌نه هانده‌رانی یانه‌ی شایانه كه خۆی له گردبوونه‌وه و ئاهه‌نگی جه‌ماوه‌ری به‌دووربگرن و له ماڵه‌كانیان خۆشیدهرببڕن و ئاهه‌نگ بگێرن.
ریال مه‌درید له به‌یاننامه‌كه‌ی خۆیدا نووسیویه‌تی: ئه‌گه‌ر هانده‌رانمان بڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به كۆمه‌ڵ ئاههنگبگێرن دوورنییه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی مرۆیی ببینه‌وه.
پێگه‌ی كادینا سێری ئیسپانیا ئاشكرای كردووه كه فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاری داوه سبه‌ی پێنجشه‌ممه جامی لالیگای ئه‌م وه‌رزه بباته یاریگه‌ی دی ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ، له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ریال مه‌درید له یارییه‌كه راسته‌وخۆ جامی پاڵه‌وانبوون پێشكه‌شی یاریزانانی ریال مه‌درید ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی دوور له هانده‌ران له ماوه‌یه‌كی كورت ئاهه‌نگ بگێرن و كۆتایی به‌م وه‌رزه بێنن.
یانه‌ی ریال مه‌درید بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی ببێته پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه له‌م دوو یارییه‌ی ماویه‌تی ته‌نیا پێویستی به دوو خاڵه، له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌یه‌ك، یان دوو یه‌كسانبوونی له‌سه‌ریه‌ك ده‌بێته پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بارسێلۆنا دوو یارییه‌كه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر ئۆساسونا و ئالاڤێس بباته‌وه، له به‌رامبه‌ردا ریال مه‌دریدیش دوو یارییه‌كه بدۆڕێنێت یان تووشی شكست و یه‌كسانبوونێك بێت ئه‌وا بارسێلۆنا ده‌بێته پاڵه‌وان، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی لاوازه، چونكه ریال مه‌درید له دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی لالیگا هه‌ر 9 یارییه‌كه‌ی كردوویه‌تی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كردووه.
