بە فەرمی یانەكانی قەڵادزێ و هەڵۆ بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتن
قەڵادزێ بۆ یەكەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی نایابی كوردستان
یانەی قەڵادزێ بووە پاڵەوانی خولی پلەیەكی كوردستان و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوت، یانەی هەڵۆش بۆ سێیەمیجار دەگەڕێتەوە ریزی یانە نایابەكان.
ئەمڕۆ دووشەممە، كۆتایی بە وەرزی 2024 ـ 2025ـی خولی پلەیەكی كوردستان هات و یانەی قەڵادزێ بووە پاڵەوانی خولەكە، نوێنەرەكەی پشدەر دوای 20 ساڵ هەوڵدان خەونەكەیان بووە راستی و بۆ ریزی نایابەكان سەركەوتن.
یانەی قەڵادزێ لە دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولی پلەیەكی كوردستان لە شاری كەركووك بووە میوانی یانەی شۆرجە، قەڵادزێ یارییەكەی بە 4 گۆڵی بێوەڵام بردەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتن.
لە یارییەكی دیكەیشدا، یانەی هەڵۆ بە گۆڵێكی بێوەڵام شكستی بە زانكۆی جیهان هێنا و بۆ سێیەمجار گەڕانەوە خولی نایابی كوردستان، لە دوایین یارییش سەرەڕای ئەوەی خاك لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 2 گۆڵی بێوەڵام لە كفری بردەوە، بەڵام خەونی گەیشتنیان بۆ خولی نایابی كوردستان نەهاتە دی.
خولی پلەیەكی كوردستانی ئەم وەرزە بە بەشداریی 16 یانە بەڕێوەچوو، لە سەرەتای خولەكە یانەی سلێمانی كشایەوە و بە فەرمی بۆ خولی پلەدوو دابەزی، یانەی رواندزیش بووە دووەمین یانە ماڵئاوایی لە خولی پلەیەكی كوردستان كرد.