کەنەدا بۆ چارەسەرکردنی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر هاوکاریی هەرێم دەکات

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری (UNODC) هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن .

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ نوێنەرانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم و ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها هەماهەنگی نێوان دامودەزگاکانی حکومەت لەم بوارەدا.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوامە و بەڵام پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتیش هەیە، بەتایبەتی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری عێراق دەکەن."

لەلایەن خۆیەوە، ئەندرێ پاترسۆن، پسپۆڕی جێبەجێکاری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC) ڕایگەیاند: کەنەدا پرۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن لە بوارەکانی چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و مەشق و ڕاهێنانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم سوودی لێ وەربگرن.

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، هەردوو لا ڕێککەوتن سێ تیم پێکبهێنن بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و شیکردنەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی تواناکان لە تەکنیکی لێکۆڵینەوە و تیمی شیکردنەوەی تاوانکاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی هاوکاری وڵاتی کەنەدا لە هەرێم.