لەدەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەست بەسەر زیاتر لە 25 کیلۆگرام زێڕی قەچاخدا گیرا
پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە
K24- حاجی ئۆمەران:
لە راگەیەندراوێکی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەراندا ئاماژە بە دەستبەسەرداگرتنی بڕی زیاتر لە 25 کیلۆگرام زێڕدا لەلایەن کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی سنووریدا کراوە، کە لە ناو کامیۆنێکی هەرێمی کوردستان لەکاتی گەڕانەوەی لەدیوی ئێران ویستویەتی بیهێنێتە ناو هەرێمی کوردستان.
لەڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "ئەمرۆ رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ١٤/٧/٢٠٢٠ کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران لە چالاکییەکی بێ وێنەدا لە کاتی پشکنینی بارھەلگرێکدا، توانیان دەست بەسەر (٢١ پارچە زێڕ)ـدا بگرن، کە دەکاتە 25 كیلۆ و 400 گرام".
وەك ئاماژەی پێ دراوە، "ئەو بڕە زێڕە لە ناو چەکمەچەی بارھەلگرێکی عێراقیدا لە کاتی گەرانەوە حەشار درابوون و ھەوڵ درابوو بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاخی داخلی ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام لە دوای دەست بە سەر داگرتنی پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ کراوەتەوە و رەوانەی بەشی یاسایی گومرگی حاجی ئۆمەران کراوە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی و گومرگی".
لە راگەیەندراوەكە دووپاتیش كراوەتەوە، "بە ناوی دەروازەی نێودەولەتی حاجی ئۆمەران، دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەران و کارمەندانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی کۆمەلگای حاجی ئۆمەران دەکەین، کە بەردەوام چاوکراوەن و بە شەو و رۆژ لە ئەرك دان، جگە لە پاراستنی ئاسایشی کوردستان و سەلامەتی گیانی کوردستانیان، رێگری لە ھەر کار و بازرگانییەکی نایاساییش دەکەن کە کارتێکردنی خراپ لە سەر داھات و ئابووری ھەرێمی کوردستان ھەبێت".
H.B