شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆ دەبنەوە

بڕیارەی کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ، 18ی ئاداری 2025، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆ ببنەوە.

نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە، لە بارەگای سەرەکیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی شاندی باڵای هەردوو لایەن، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، دوای دیدار و کۆبوونەکەی ڕۆژی یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دێت، کە دوای کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد و گفتوگۆمان لەبارەی هەنگاو و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد."

هاوکات دەڵێت: هەردوولامان کۆبوونەوەکانمان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و هاوڕابووین لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار.

هەروەها کۆتا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی چوارشەممە 26ـی شوباتی 2025، بوو، کە درێژکراوەی کۆبوونەوەی پێشووتر بوو کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو بوو، لە کۆبوونەوەکەداڕەشنووسێکی 15 لاپەڕە ئامادەکرابوو کە بنەما بێت بۆ کاری هاوبەش و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.