باندێكی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ لە سلێمانی دەستگیركران

راگەیەندراوێك لە پۆلیسی سلێمانییەوە

K24 – سلێمانی

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ھێزەكانیان باندێكیان دەستگیر كردووە كە بازرگانیان بە جەستەی مرۆڤەوە كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای كرد: "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار باندێكی بازرگانیكردنیان بە جەستەی مرۆڤ دەستگیركرد كە كاریان كڕین و فرۆشتن بووە بە گوچیلەی مرۆڤەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "پۆلیسی سلێمانی زانیاری پێگەیشت لە بارەی باندێكی بازرگانیكردن بە جەستەی مرۆڤ، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر بنكەی پۆلیسی سەرچنار راسپێردرا بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران، دوای لێكۆڵینەوەو گەڕان و بەدواداچوون توانرا هەشت تۆمەتبار دەستگیر بكرێن كە كاریان بازرگانیكردن بووە بە گورچیلەی مرۆڤەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا بەمشێوەیە زانیاری لەبارەی تۆمەتباران خراوەتەڕوو:

( أ ، ی ، ع   ) لەدایكبووی 1996 ، كوردی دانیشتوی شاری سلێمانی .

(ه ،ع،س ) لەدایكبووی 1986 ، كوردی دانیشتوی شاری سلێمانی .

(ع ، أ ، م ) لەدایكبووی 2000 ، عەرەبی دانیشتوی شاری سلێمانی .

(م،أ،ح) لەدایكبووی 2000 ، عەرەبی دانیشتوی شاری سلێمانی .

(ی ،س،م ) لەدایكبووی 1994، عەرەبی دانیشتوی شاری سلێمانی

(أ،ح،ز )لەدایكبووی 1973 ، عەرەبی دانیشتوی شاری سلێمانی

(ه ،ی،ت )لەدایكبووی 1998، عەرەبی دانیشتوی شاری بەغدا .

(ع،ع،ك) لەدایكبووی 1998، عەرەبی دانیشتوی شاری سلێمانی.

بە فەرمانی دادوەر و بەپێی یاسای بازرگانیكردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە ڕاگیراون.

تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا.