کۆشکی سپی: ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ ئیمزا لەسەر داخستنی وەزارەتی پەروەردە دەکات

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمەریکا ئیمزا لەسەر داخستنی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەی دەکات، ئەمەش جێبەجێ کردنی ئەو بەڵێنەیە کە لە بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئەمەریکییەکانی دابوو. 

کۆشکی سپی بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردنی داخستنی وەزارەتی پەروەردە ئیمزا دەکات، ئەمەش بەڵێنێکی سەرەکی ترەمپ بوو کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دابووی.

فەرمانەکە ئاراستەی لیندا ماکماهۆن، وەزیری پەروەردە دەکات، کە دەبێت هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ ئاسانکاریی داخستنی وەزارەتی پەروەردە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پەروەردە بۆ ویلایەتەکان بنێت، لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی بەردەوامیی ئەو خزمەتگوزاریی و بەرنامە بەسوودانەی ئەمەریکاییەکان پشتی پێ دەبەستن.

کۆشکی سپی، باسی لەوەش کردووە "هەر بەرنامەیەک یان چالاکییەک کە بودجە لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرێت، نابێت پشتیوانی لە ئایدۆلۆجیای جێندەری بکات."