قەدەغەی ڕاوە ماسی دەستی پێ کرد

ئەم وەرزە، وەرزی گەرادانانی ماسییە، بۆیە ساڵانە، بۆ ماوەی سێ مانگ بە مەبەستی بووژانەوە و پاراستنی سامانی ماسی، ڕاوی ماسی لە دەریاچە و ئاوەکانی کوردستاندا قەدەغە دەکرێت؛ بڕیاری قەدەغەکردنەکەش لە ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 20ـی ئادار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاوچییەکانی دەریاچەی دوکان، دەستکەوتی ئەمڕۆیان هێناوەتە لای کڕیارەکان و تا سێ مانگی دیکە ناتوانن ڕاو بکەن، پێویستە بەلەم و تۆڕو کەلوپەلەکانی ڕاوکردن لە دەریاچەکە دوور بخەنەوە.

لە ئەمڕۆوە ڕاوی ماسی لە چۆم و ڕووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو شێوازێک قەدەغەیە. لەو ماوەیەدا هەر کەس، یان هەر ڕاوچییەک بەهەر پێداویستیەکی ڕاوکردنەوە لەسەر دەریاچە و ڕووبارەکان ببینرێت، دەستگیر دەکرێ و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

بەکر حەمەدەمین، ڕاوچی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم دەریاچە هەمووی بەش بەش کراوە، ئێمە بۆمان نییە بچینە ئەو بەر، ئەوان ڕاو دەکەن و ماسیی باش دەگرن و ئێمەش سەیریان دەکەین." گوتیشی: سەردەمی باب و باپیرانمان ماسی زۆر بوو، ئەگەر 10 تۆڕیان دانابایە 100 کیلۆ ماسیان دەگرت، بەڵام ئێستا 100 تۆڕی دابنێین 30 کیلۆ ماسی ناگرین.

لە ماوەی قەدەغەی ڕاوی ماسیدا، پۆلیسی دارستان و ژینگە، چاودێریی پاراستنی ڕووبار و دەریاچەکان دەکات. دەریاچەی دوکان لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەرین دەپارێزرێت. ساڵی ڕابردوو 106 ڕاوچی دەستگیر کران و  سەدان پێداویستی ڕاو دەستیان بەسەردا گیرا. ئەمساڵیش لە ڕێگەی 14 بنکەی جێگیر و گەڕۆک هەوڵی پاراستنی دەریاچەکە دەدەن.

عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەرین گوتی: ئێستا لەجیاتی ئەوەی ئاوەکە زیاد بکات، ڕۆژانە دەیان سەنتیمەتر کەم دەکات، ئەمەش وا دەکات ماسی گەرا نەنێتەوە، هەروەها تیمەکانمان لەساڵان باشتر چاودێریی دەریاچەکان دەکەن و بەردەوامیش دەبین.

ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ دانانی گەرای ماسی و زۆر بوون، هەر ماسییەک کە ڕاودەکرێ دەیان هەزار گەرای ناو سکی لەناودەچێ و زیان بە سامانی ماسی دەگەیەنێ، بۆیە قەدەغەی ڕاوی ماسی بۆ پاراستنی سامانی ماسییە لە هەرێمی کوردستان.