وەزارەتی گواستنەوە: فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەکرێنەوە

دوای جەژن فڕۆکەخانەکان دەکرێنەوە

K24- هەولێر:

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەشتە ئاسمانیەکان لە عێراق و هەرێم دەستپێدەکەنەوە.

وەزارەتی گواستنەوە لەژێر رۆشنایی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردەوە، گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە.
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی عێراق ئەمڕۆ بڕیاریدا، لە 23ـی ئەم مانگەوە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم بکرێنەوە.
کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەپێی مەرج و رێنماییەکانی خۆپارێزی تەندروستی دەبێت، لەپێناوی سەلامەتی هاووڵاتیان و گەشتیاران.
لە ئێستادا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لەسەر راسپاردەی لیژنەی ناوبراو و لەچوارچێوەی خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا covid19 گەشتە ئاسمانییەکانی ناوخۆیی و دەرەکی راگرتووە و تەنها رێگا بە گەشتی فڕۆکەکانی کارگۆو و رێکخراوە فریاگوزاریەکان و تیمەکانی تەندروستی دەدرێت.