پێشبینی دەکرێت پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان لە ئاهەنگی نەورۆزی ملیۆنیی دیاربەکر بخوێندرێتەوە

هێرۆ مەولودی، نێردراوی کوردستان24 بۆدیار بەکری باکووری کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەری زۆر هەیە پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئاهەنگی نەورۆزی ملیۆنیی ئەمڕۆی دیاربەکری باکووری کوردستان بخوێندرێتەوە.
هێرۆ مەولودی ئاماژەی بەوە کرد، پەیامی سەرۆک بارزانی لەڕێگەی شاندێکی هەرێمی کوردستان، بە ئاهەنگی نەورۆزی دیاربەکری کوردستان گەیشتووە، دەشڵێت: پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە کوردستان24یان ڕاگەیاندووە، سوپرایزێک لە ئاهەنگەکە دەبێت، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە ئەو سوپرایزە پێشکەشکردنی پەیامی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەبێت.
نێردراوی کوردستان24 بۆ ئاهەنگی نەورۆزی دیاربەکر ئاشکرای کرد، زیاتر لە 10 هەزار پۆلیس و سەرباز ئاسایشی بەشداربووانی جەژنی نەورۆز دەپارێزن، 629 میدیای جیهانیش ڕووماڵی ئاهەنەگەکە دەکەن کە هەریەک لە دەم پارتی و پارتی هەرێمی دیموکرات و تەڤگەری ژنان لە گۆڕەپانی نەورۆز ڕێکیان خستووە.