ئەمەریکا: چاودێریی ڕەفتارەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا دەکەین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەبێت حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا پێکبهێت بۆ ئەم مەبەستەش چاودێری سیاسەتی ئەو وڵاتە دەکەن.
هەینی 21ـ ئاداری 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، داوا دەکەین حکوومەتێکی مەدەنی لە دیمەشق پێکبهێنرێت.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە دەبێت حکوومەتێکی گشتگیر لە سووریا هەبێت. گوتیشی: پێویستە دەسەڵاتی نوێی سووریا تەواویی هاووڵاتییانی وڵاتەکە بپارێزێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، واشنتن بە مەبەستی دیاریکردنی سیاسەتی داهاتووی سووریا چاودێریی ڕەفتارەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری وڵاتەکە دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە 15ـی ئاداری 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز، گوتی: هێزەکانمان لە سووریا بڵاو ناکەینەوە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەن لەڕێگەی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، پێکهاتەکان لەو وڵاتە بپارێزن.
جەختی لەوە کردەوە، لەسەر ئەمەریکا پێویستە گەرەنتی پاراستنی ئەو کۆمەڵگەیە بکات کە لەمێژە لەو وڵاتەدا هەن، لەوانەش کریستیان و درووزەکان.