سوپای سوودان بۆ کوردستان24: چەندان پێگەی ستراتیجیمان لە خەرتووم کۆنترۆڵ کردووە

گوتەبێژی سوپای سوودان ڕایدەگەیەنێت: کۆشکی کۆماری و چەندان پێگەی دیکەی ستراتیجیمان لە دەست هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لە خەرتووم دەرهێناوە و هەموو خاکی وڵات لەو هێزانە پاک دەکەینەوە.
شەممە، 22-03-2025، عەمید نەبیل عەبدوڵلا، گوتەبێژی سوپای سوودان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا سوپای سوودان توانیویەتی چەندان شوێن و پێگەی گرنگی ستراتیجی لە دەست هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەربهێنێت و دووبارە کۆنترۆڵیان بکاتەوە."
عەمید نەبیل عەبدوڵلا باسی لەوەش کرد "سوپای سوودان، هەر یەکە لە کۆشکی کۆماری، بارەگای دەزگای هەواڵگریی گشتیی، بارەگای سەرەکیی بانکی ناوەندیی سوودان، تاوەری زەین، بانکی ساحلوسەحرا و تاوەری تەعاونییەی لە ناوچەی ئەلنیلەین لە ناوەندی خەرتووم، کۆنترۆڵ کردووەتەوە."
ئەو فەرماندە سەربازییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: سەدان ئەندامی هێزەکانی پشتیوانیی خێرامانمان لەناوبردن کە هەوڵیان دەدا لە دوای شکستە گەورەکانیان لە دەستمان هەڵبێن و بچنە دەرەوەی خەرتووم.
گوتەبێژی سوپای سوودان جەختیشی کردەوە "شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوەڕاستی خەرتوومی پایتەخت و چەندان شوێنی دیکەی وڵات بەردەوامن. هەڵبەتە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکوو هەموو خاکی سوودان لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا پاک بکەینەوە."
لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ڕایانگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی لەناکاویان کردووەتە سەر سوپای سوودان لەنێو کۆشکی کۆماری لە ناوەندی خەرتووم و زیاتر لە 90 سەربازیان کوشتووە، هەوڵیش دەدەن لە زووترین کاتدا کۆشکەکەی لە دەستی سوپا دەربهێننەوە.
خەرتووم، لە سێ شار پێک دێت: خەرتووم (باشووری ڕۆژهەڵات)، بەحری (باکووری ڕۆژهەڵات) و ئۆم دەرمان (ڕۆژئاوا). بە کۆنترۆڵکردنی کۆشکی کۆماری، ئێستە زۆرینەی خەرتووم لەژێر دەستی سوپای سووداندایە.
لە مانگی نیسانی 2023، شەڕی نێوخۆیی سوودان لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەستی پێ کردووە. لە ئەنجامی شەڕەکەدا، زیاتر لە 130 هەزار کوژراون و زیاتر لە 15 ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارە بوون.