پۆلیسی دیالە 14 بیانی دەستگیر کرد کە بە قاچاخ هاتوونەتە عێراق

شەممە، 22ـی ئاداری 2025، فەرماندەیی پۆلیسی پاریزگای دیالە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە، ژمارەیەک هاووڵاتی بیانی تێدابووە، کە دەیانویست بە قاچاخ ببرێنە بەغدا.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی دیالەدا هاتووە، ""یەکەی تاکتیکی تایبەت، بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی کاروباری کۆنترۆڵ، دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە ژمارەیەک بیانی تێدابووە و ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە قاچاخ بیانگوازنەوە بۆ بەغدا.

گوتیشی: ژمارەی ئەو هاووڵاتیانە 14 کەس بوونە و هەموویان بیانین و بەشێوەی نایاسایی هاتوونەتە خاکی عێراق، ئاماژەی بەوەش دا، ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەریان گیراوەتە بەر و  بارهەڵگرەکەش گواستراوەتەوە بۆ بەشی دەستبەسەرکردن.