ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن، پشتیوانیی لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات
ئەمڕۆ 22ـی ئادار، ئاهەنگی فراوانی نەورۆزی کوردانی دیاسپۆرا لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا، لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە هاوبەشیی کۆمەڵەی گشتیی ئەڵمانیا، ساز دەکرێت، ئامانجی ئاهەنگەکە، جگە لە پیرۆزکردنی نەورۆز، پشتیوانیی ڕۆژاوای کوردستانە.
عاکف حەسەن، بەڕێوبەری ئاهەنگی کۆڵن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بڕیارمان دا ئاهەنگێکی هاوبەش و یەکدەست بۆ نەورۆز بکەین، ئامانجمان ئەوەیە پشتگیریی ڕۆژاوای کوردستان بکەین کە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت." گوتیشی: ئەرکی دیاسپۆرایە ڕێگە نەدات گەلی کورد لەهیچ پارچەیەکی کوردستان بێ پشتیوان بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا کوردانی دیاسپۆرا فشار لە شام بکەن مافی کوردان لە دەستووری نوێی سووریادا دیاری بکات.
عاکف حەسەن، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نەورۆزە جیاوازە لە نەورۆزەکانی دیکە. وەک ئەو گوتی: ئەم نەورۆزە، نەورۆزی بەرخودان و ئازادی و سەرهەڵدانە، ئەگەر ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێشمان نەیقۆزینەوە، ڕەنگە تا سەد ساڵی دیکە بۆمان دروست نەبێتەوە.
ئاماژەی بەوە کرد "کوردی ئێستا وەک کوردی پێشوو نییە، پێشتر زۆر کەم لە کوردانی دیاسپۆرا دەهاتنە ئاهەنگی نەورۆز، بەڵام ئەم نەورۆزە هەموو بەیەکەوە، یەکدەست دێنە ئاهەنگەکە وەک پەیامێک بۆ هەمووان کە کورد یەک دەنگ و یەکدەستە."
عاکف حەسەن، سوپاسی پەیامی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کوردانی دیاسپۆرا و گوتی: کوردانی دیاسپۆرا ئەمڕۆ وەڵامی پەیامە بەهادارەکەی سەرۆک بارزانی دەدەنەوە.