ئیسماعیل کامیل: هەر چوار پارچەی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆڵن یەکیان گرت

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن یەکیان گرت بۆ پشتیوانیی لە ڕۆژاوای کوردستان.

شەممە 22ـی ئاداری 2025، ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لە ئاهەنگی نەورۆز لە کۆڵن دەمانەوێت یەک دەست و یەک دڵ و یەک ڕەنگ، داوای ماف بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.

ئیسماعیل کامیل گوتی: جێی دڵخۆشییە هەر چوار پارچەی کوردستان پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان و دۆزە ڕەواکەی دەکەن، ئێمە دەخوازین گەلی کوردستان یەک ڕیز بێت و لە یەکتر نزیک بن، پشتیوان بەخوا ساڵی داهاتوو کوردستان سەربەخۆ دەبێت.

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی کوردستانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ڕەوەندی کوردستانی لە کۆڵن کۆبوونەتەوە لە جەژنی نەورۆزدا، چونکە کوردستان پێویستی بە یەکڕیزییە، دەڵێت: دەمانەوێت ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بەرز بکەینەوە و پشتیوانی لە گەلی خۆمان بکەین.

گوتی: یەکگرتن سەرکەوتنە، پەیامی سەرۆک بارزانی ڕوونە هەموو کوردستانیان دەستی یەک بگرن و پشتگیری یەکتر بکەن، ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە، داخوازیی گەلی کوردستان بەرەو پێش ببەن.