شیفا بارزانی بۆ کوردانی دیاسپۆرا: سەرۆک بارزانی دڵخۆشە بە یەکڕیزی کوردستانیان
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن، سڵاوی گەرمی سەرۆک بارزانی بە کوردستانیانی دیاسپۆرا گەیاند و گوتی: سەرۆک بارزانی نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکات و دڵخۆشە بە کۆبوونەوەتان لە ئاهەنگی نەورۆزدا.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵنی ئەڵمانیا، سڵاوی گەرمی سەرۆک بارزانی بە کوردستانیانی دیاسپۆرا گەیاند کە لەهەر چوار پارچەی کوردستان کۆ ببوونەوە.
شیفا بارزانی لە پەیامێکیدا کە لەسەر ستەیج خوێندیەوە، گوتی: دەمەوێت سڵاوی گەرمی سەرۆک و پێشمەرگە و پارێزەری کوردستان، سەرۆک بارزانیتان پێ ڕابگەیەنم، سەرۆک بارزانی نەورۆزی هەمووان پیرۆز دەکات و زۆر دڵخۆشە بەو گردبوونەوە گەورەی ئێوەی کوردستانیان لە کۆڵنی ئەڵمانیا، دڵخۆشە بە یەکگرتن و برایەتی و خۆشەویستی نێوان کوردستانیان لە هەرچوار پارچەی کوردستان.
شیفا بارزانی گوتی: سڵاوێکی گەرمی بەهارەتان لێدەکەم، ئێمە لە دووری نیشتمان کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی جەژنی نەتەوەیی و نیشتمانی نەورۆز بەیەکەوە بکەینەوە، نەورۆز بە تەنها جەژن نییە، بەڵکو واتای بەرخودان و خۆڕاگری و واتای سەرهەڵدان و زیندوو بوونەوەیە، واتای هیوا و گەشبینیە، هەموو سەرکەوتن و خۆشی و ناخۆشی گەلی ئێمە لە بەهاردایە، هەر لەبەر ئەوەیە پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان سروشت و کورد و چارەنووس و نەورۆزدا دروستبووە و هەر دەمێنێتەوەش.
شیفا بارزانی گوتی: لە کاتێکدا ئێمە لە دووری وڵات ئاگری نەورۆز دەکەینەوە، تەنها جەژنی نەورۆز پیرۆز ناکەین، بەڵکو پەیوەندییەکان لەنێوان خۆمان و کلتوور و مێژوو و نیشتمانی خۆمان نوێ دەکەینەوە، پەیوەندی خۆمان لەگەڵ خەباتی نەپساوەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی نوێ دەکەینەوە.
گوتی: ئێمە هاوبەشی خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلی خۆمانین لەهەر چوار پارچەی کوردستان، نەورۆزی ئەمساڵمان تەنها نەورۆز نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پشتیوانیی و هاوسۆزی لە کوردستانیانی ڕۆژاوا، دروشمی ئەمساڵی ئاهەنگی نەورۆز ( شان بە شان و دڵ بە دڵ بۆ پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان) پەیامێکی ڕوونە بۆ هەر کوردێکی دڵسۆز کە ئومێدی بەهێزتر بوونی کوردە، دۆزی کورد دۆزێکی هەقە، پێویستە وەک برا پاڵپشتی یەک بین و دۆزی خۆمان بەرەو پێش ببەین.
سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی شیفا بارزانی گوتی: ئەمڕۆ لێرە داوای یەکگرتن بۆ ڕۆژاوای کوردستان دەکەین، دەنگی خۆمان دەگەیەنینە وڵاتانی زلهێز بۆ ئەوەی مافی کوردستانیان لە ڕۆژاوای کوردستان لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێندرێت، هاوکات کورد و کوردستانیان لە دووبارە جینۆساید کردنەوە بپارێزن، مافی ئێمەیە وەک میللەتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر خاکی خۆمان، لەبارەی چارەی خۆمان بڕیار بدەین، داوای گرەنتی پاراستنی گەلی خۆمان لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، داوای چارەسەری دۆزی کورد لە پارچەکانی کوردستان دەکەین، داوا دەکەین مافی کوردستانیان لە دەستووری هەر چوار وڵاتدا بجەسپێندرێن.
شیفا بارزانی گوتیشی: سیاسەتی سەت ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتانە لە نکۆڵی کردن لە کورد، نەیانتووانی کورد لەناو ببات، ئەگەر هەزار ساڵی دیکەش بەردەوام بن، ناتوانن میللەتی ئێمە لەناو ببەن، بۆیە چارەسەر تەنها ئاشتییە و داننانە بە مافی ڕەوای گەلەکەمان.