حەماس وەڵامی ئەمەریکا دەداتەوە

حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا دەداتەوە کە حەماسی بە درێژکردنەوەی شەڕ تۆمەتبار کردبوو و ڕایگەیاند، ئەمەریکا لە لێدوانەکانی جارێکی دیکە هاوبەشی تەواویی خۆی لە دەستدرێژی دژی گەلەکەمان ئاشکرا کرد.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا وەڵامی بارەین هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمەریکا دەداتەوە کە حەماسی بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار کردبوو. حەماس لە وەڵامدا دەڵێت: ئەو لێدوانانەی ئەمەریکا شێواندنی ڕاستییەکانە.
حەماس ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمەریکا لە لێدوانەکانی جارێکی دیکە هاوبەشی تەواویی خۆی لە دەستدرێژی دژی گەلەکەمان ئاشکرا کرد و پشتگیریکردنی لە جینۆساید و برسێتی و گەمارۆدانی دوو ملیۆن فەڵەستینی غەززە لە لایەن داگیرکەر دووپات کردەوە."
هەروەها ڕایگەیاندووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائی،ل بۆ بەرژەوندیی سیاسی خۆی بە ئەنقەست دەستپێشخەریەکانی ڕاگرتنی شەڕی ڕەت کردووەتەوە.
بەشێکی زۆر لە خێزانی دیل و زیندانییەکان داوا دەکەن ئاگربەست دەست پێ بکرێتەوە و شەڕ ڕابگیرێت و دیلە و زیندانییەکان ئازاد بکرێن.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە بنبەست گەیشت.