شاندی دانووستانکاری ڕووسیا: بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان دەچینە سعوودییە

ئەندامێکی شاندی دانووستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاند، بە کەشێک دەچنە سعوودییە کە چارەی کێشەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیا بکەن. دەشڵێت: ئەگەر پێویست بێت بۆ ئەو مەبەستە شەڕ دەکەین.
شەممە 22ـی ئاداری 2025، سیناتۆری ڕووسی گریگۆری کاراسین، ئەندامی شاندی دانووستانکاری ڕووسیا بە کەناڵی فەرمی وەڵاتەکەی ڕایگەیاند، هیوادارن لە دانووستاندنەکانی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە سعوودییە لەگەڵ ئۆکرانیا هەندێک پێشکەوتن بەدەست بهێنین.
ئەو سیناتۆرە ڕووسیە ئاماژەشی دا، تیمی دانووستاندکاران بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەنە، هەم گفتوگۆیەکی بەرهەمدار، هەم توند.
کاراسین گوتیشی: بە کەشێک بەشداریی لە دانووستانەکان دەکەین، ئەگەر بە شەڕیش بێت لانی کەم چارەی کێشەکان بکەن.
پێشتر مۆسکۆ پێشنیازی ئۆکرانیا و ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕەتکردبووەوە و تەنیا داوای ڕاگرتنی شەڕی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانە وزەکان کردبوو.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا لە سعوودیە بەجیا لەگەڵ هەریەک لەشاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کۆ ببێتەوە.