ئەڵمانیا، فەره‌نسا و بەریتانیا داوا دەکەن دەروازەکانی غەززە بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکان بکرێنەوە

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەره‌نسا و بەریتانیا داوا دەکەن دەروازەکانی غەززە بە ڕووی هاوکارییە مرۆییەکان بکرێنەوە؛ هاوكات جەخت دەکەنەوە دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ ئاشتی.

شەممە 22ـی ئاداری 2025، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەره‌نسا و بەریتانیا کە ناسراوەن بە (E3) ڕاگەیندراوێکی هاوبەشیان لە بارەی دۆخی غەززە بڵاو کردووەتەوە و داوایان لە ئیسرائیل كردووه‌ ڕێگە بدەن هاوکارییە مرۆییەکان كه‌ بریتین له‌ کارەبا و ئاو پێداویستییە سەرەتاییە پزیشکییەکان بگه‌نه‌ غەززە.

هەروەها لە ڕاگەیندراوکەدا هاوتووه‌، بە ژمارەی قوربانیانی هێرشەکەی حەماس شۆک بوونە و داواش لە حەماس ده‌كه‌ن بارمته‌كان ئازاد بکات.

جەختیشیان کردووتەوە، نابێت ئیسرائیل و فەڵەستین لە ڕێگەی سەربازییە کێشەکان چارە بكەن، بەڵکوو دانوستان تاکە ڕێگەیە بۆ ئاشتی.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە بنبەست گەیشت.

هەروەها لە 2ـی ئاداری 2025 لەو کاتەی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە، ئیسرائیل هەموو دەروازەکانی لەسەر غەززە داخستووە و ڕێگە نادات هیچ بارهەڵگرێکی هاوکاری مرۆیی بچێتە ئەو کەرتە.