ئیسرائیل بۆ دووەم جار هێرشی کردەوە سەر حزبوڵلا

لە وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵلا بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کردووە، جارێکی دیکە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە دەست پێ بکەنەوە، هاوکات ئەو گرووپەش ڕەتی دەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر ئیسرائیل. 

شەممە 22ـی ئاداری 2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە فەرمانیان کرد بە دەست پێ کردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی حزبوڵلا.

هەروەها ئاماژەشی داوە، ئەو هێرشانە لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم بەیانییەی حزبووڵلا بۆ سەر ئیسرائیل دێت.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم بەیانییەی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی تولین لە باشووری لوبنان پێنج کەس کوژراون کە لە نێوانیاندا کچێکیش هەیە.

هەروەها ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، لە ئەنجامی شەپۆلی دووەمی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دوورگەی سوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان کەسێک کوژراوە و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ئەمەش لە کاتێکداییە، حزبوڵلا ڕەتی کردووتەوە کە ئەم بەیانییە هێرشی کردبێتە سەر ئیسرائیل.

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 22-03-2025، حزبوڵلای لوبنانی پێنج مووشەکی لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێشت. 

شەممە 22ـی ئاداری 2025، جەنەراڵ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆ بەرەبەیانی کرانە سەر ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی ڕێک خست بۆ ئەوەی تاوتوێی توندترین وەڵام بۆ ئەو هێرشانە بکەن.

هاوکات داوی ئەوە، ئیسرائیل لە شەپۆلی یەکەمی هێڕشەکانیدا ژمارەیەک پێگەی حزبوڵلا لە باشووری لوبنان بۆمباران کرد.

 لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ئاگربەستی نێوان حزبوڵلای و ئیسرائیل بۆ ماوەی 60 ڕۆژ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، دەبێت حزبوڵلا چەک دانێت و سوپای لوبنان تەواوی وڵات کۆنترۆڵ بکات. ئیسرائیلیش هەنگاو بە هەنگاو هێزەکانی لە باشووری لوبنان دەکشێنێتەوە.