وەزارەتی دارایی: ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئادار لە قۆناغی کۆتایدایە

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایدەگەیەنێت: ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتایدایە.
یەکشەممە، 23-03-2025، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "ماوەی پێنج ڕۆژە تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ) لە شاری بەغدان."
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "ئێستە تیمەکە لەگەڵ فەرمانگەی بودجەو ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە قۆناغی تەواوکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی تەموویلی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن، سەرجەم ڕێکارەکان لە قۆناغی کۆتایدایە."
تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کردووە "چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەموویلی مووچەی مانگی ئادار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان."
ڕۆژی چوارشەممە، 12-03-2025، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوبات (دوو) فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەمان ڕۆژ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی ڕاسپارد لە زووترین کاتدا لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن و بۆ وەزاتی دارایی عێراق بنێرن، تاوەکوو پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی ئەو مانگە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت.