باڵیۆزی ئیتاڵیا: دەمانەوێت لە کوردستان وەبەر‌هێنان لە چەند کەرتی جیاوازدا بکەین

نیکۆڵا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
نیکۆڵا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دەیانەوێت لە چەند کەرتی جیاوازدا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.  

نیکۆڵا فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بـــە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆر دڵخۆشم چەند ڕۆژێکە لە هەولێرم. پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. ئامانجامانە پەرە بەم پەیوەندییانە بدەین، بۆیە هەردوو مانگ جارێک لە بەغداوە دێمە هەرێمی کوردستان، چونکە پێم وایە دەرفەتی باشی کاری پێکەوەییمان هەیە."

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، باسی لەوەش کرد "ئێستە چەند کۆمپانیایەکی ئیتاڵی لە هەولێر و سلێمانی هەن و کاری بازرگانی دەکەن. بەخۆشحاڵییەوە دەبینین خواستێکی زۆر لەسەر کەلوپەل و بەرهەمی ئیتاڵی هەیە، بە تایبەت جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ." 

فۆنتانا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "لەوانەیە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی، بیناسازی و پاشماوە ژینگەییەکاندا بکەن؛ وەکوو ئیتاڵیا دەمانەوێت بوونێکی ئەرێیی زیاترمان لە هەرێمی کوردستان هەبێت."