سەربەست مەولوود: زیاتر لە 35 هەزار ناو دەنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران

سەربەست مەولوود
سەربەست مەولوود

سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوو ناوی زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین ڕەوانەی سنووری شارەواییەکانیان دەکرێتەوە، بە ئامادەکردنی پارچە زەوییەکانیش، دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.

سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گوتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەری دیکە دیاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی ، بەتایبەتی کارەمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و خانەنشینانی سەربازی و شارستانی.

سەربەست مەولود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گوتی: لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوامین، ڕێکخستن و وردبینی ناوەکان کە تا ئێستا بۆمان هاتووەتە وەزارەتی شارەوانی، کراوە، ڕۆژانە بە ڕاسپاردەی وەزیری شارەوانی کە دووپات دەکاتەوە زوو زوو لیستەکان ئامادە بکەین، هیچ نەبێت بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بتوانین لیستی نوێ ئامادە بکەین بۆ ئەوەی زۆرترین فەرمانبەر سوودمەند بێت لە پرۆژەی پێدانی زەوی نیشتەجێبوون، بۆیە ئێستا ئێمە لیستێکمان بۆ هاتووەتەوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە کە زیاتر لە 54 هەزار ناوە.

گوتیشی: لەو ڕۆژانە ئەو ناوانە دەنێرین بۆ شارەوانییەکان بۆ ئەوەی بەپێی ئەو زەوییە تەرخانکراوانەی هەیە لەلای خۆیان، تیر و پشک بکەن و دابەشی بکەن، گوتیشی: ئێستا لیستێکمان لایە  زیاتر لە 35 هەزار ناوە و ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ ڕەزامەندی پێ وەربگرین، لیستەکە زیاتر لە 13 هەزار ناوی تایبەتە بە وەزارەتی ناوخۆ، بەشەکەی دیکەش خانەنشیانی شارستانی و سەربازیی تێدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتانەشی کە کەم و کوڕی لە فۆرمەکانیان هەبوو، ئێستا ئەو کەم و کوڕیانەش چارەکراون، ئەوانیش دەنێرنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕەزامەندی  لەسەر وەربگیرێت.