کرێملن: پوتین و ترەمپ پێشتر چەندین جار پەیوەندیی تەلەفۆنیان هەبووە

گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ئاشکرای کردووە سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا پێشتر چەندین جار پەیوەندیی تەلەفۆنیان هەبووە، سەرەڕای ئەو دوو جارەی لە مێدیاکان بڵاو کراونەتەوە.
یەکشەممە 23ـی ئاداری 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند، لەوانەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لەو دوو جارەی پەیوەندییان کردبێت کە لە مێدیاکان بڵاو کراوتەوە.
پیسکوڤ بە ڕۆژانامەنووسانی گوت: ئێمە زانیاریمان پێدان لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی کە کراون، بەڵام ناتوانین هەموو شتێک ئاشكرا بكهین.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەم ساڵەدا تاوەکوو ئێستا دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین، دوو جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، ئەوانیش لە 12 شوبات و 18 ئادار بووه.
هاوکات گومان دەکرێت لە ساڵی ڕابردوو بەر لە دەستنیشانکردنی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا ههردوو سهرۆكهكه قسهیان بهیهكهوه کردبێت.
پەیوەندیی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڕووسیا سەرکردەکانی ئەورووپای نیگەران کردووە، بە شێوەیەک ترسیان لەوە هەیە ترەمپ پشت لە وڵاتانی ئەورووپا بکات و لەگەڵ پوتین ڕێک بکەون.
هاوکات، سیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: لە گفتوگۆییەکانم لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، بۆم دەرکەوتووە کە پوتین هیچ کات نیازی ئەوەی نییە ئەورووپا داگیر بکات.
بۆب وودوارد، ڕۆژنامەنووس لە واشنتۆن پۆست لە ساڵی 2024 کتێبێکی بڵاو کردەوە بە ناوی 'جەنگ' تێیدا ڕایگەیاندووە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ساڵی 2021 کۆشکی سپی بەجێهێشت، حەوت جار گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پوتین ههبووه.
پێشتریش ڕۆژنامەنووسان لەوبارەوە پرسیاریان لە دۆناڵد ترەمپ کرد و لە وەڵامدا گوتی: ئەگەر شتێکی وام کردبێت ئەوە زیرەکانە بووە.
هاوکات کرێملن، قسەکانی ڕۆژنامەنووس بۆب وودواردی ڕەت كردووهتهوه.