نەورۆز و ڕەمەزان بازاڕی تەزبیحفرۆشانیان گەرم کردووە

ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان خواست لەسەر تەزبیح زیاد دەبێت و تەزبیحفرۆشێکی هەولێریش ئاماژە بەوەدەکات، ڕەمەزان و نەورۆز بازاڕی تەزبیحفرۆشانیان گەرم کردووە.

یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، حەمەدەمین ڕەمەزان، تەزبیحفرۆشێکی هەولێرە و تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: لە مانگی ڕەمەزاندا خەڵک زیاتر تەزبیح بەکار ده‌هێنن، تەنانەت ڕێژه‌ی 80٪ـی لەو مانگەدا کڕیارانی زیاتر بووە، بەتایبەتی تەزبیحی 101دەنکی و 33دەنکی.

حەمەدەمین ڕەمەزان، گوتیشی: نرخیان لە هەزار دینارەوە تاوەکوو 200 دۆلاره‌، کە ئه‌و جۆره‌یان سەندەلووسی پێ دەگوترێ و لە بازاڕی تەزبیحفرۆشان هەیە، تەزبیحی  گرانتریش هەیە، بەڵام خەڵکی زیاتر ئەوانە بەکار ده‌هێنن کە نرخێکی گونجاویان هەیە.

ئەو تەزبیحفرۆشە، باسی لەوەش کرد، کڕیارانی تەزبیح لەناو گەنجان زۆر زیادی کردووە بەراورد بەو کەسانەی بەتەمەنن.

بەگوتەی حەمەدەمین ڕەمەزان، هاتنی نەورۆز و ڕەمەزان دووجار بازاڕی تەزبیحفرۆشانی گەرم کردووە، چونکە بەشێکیان بۆ زیکر و تەزبیحات بەکار ده‌هێنن و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ پۆشینی جلوبەرگی کوردی تەزبیح لە دەست دەگرن.

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتیی حەزیان لە تەزبیحە بەتایبەت کاتێک جلی کوردی دەپۆشن، تەزبیحی درێژ و قەزوان زیاتر لە دەست دەگرن.

تەزبیح چەندین جۆری هەیە و کارەبایی ئەڵمانی، پۆڵۆنی، سەندەلووس، قەزوان و کارەبای ڕووسی.