سەفین دزەیی: دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی هەمیشە جێی بایەخ و ڕێزی سەرکردەکان بووە

سەفین دزەیی
سەفین دزەیی

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی جێی سەرنج و بایەخ و ڕێزی سەرکردەکان بووە لەناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتی،  دەشڵێت: باڵیۆزەکان کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن، زۆر جار بۆ هەر بابەتێک کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، دێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیر و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بزانن.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  42 وڵات لە باڵیۆز و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەکان، لەگەڵ 25 نێردە دیپلۆماسیەکانی لە هەرێمن، سەرباری ڕێکخراوەکان، ئامادەی ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ بوون لە ئاکرێ، گوتی: ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بەهایەکی زیاتر و خرۆشی زیاتری بە جەژنەکەدا.

سەفین دزەیی ئاشکرای کرد، چەند باڵیۆزێکی وڵاتان لە ئیمارات و قەتەر و ئوردنەوە هاتبوون و جاری یەکەم بوو بێنە کوردستان، دڵخۆشبوون بە بەشداریی کردنیان لە جەژنی نەورۆزدا.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت: ئەنجامدانی ئەو ئاهەنگە بە ئازادی لە کوردستان واتایەکی گەورەی هەیە، پێشتر کە ئاهەنگی نەورۆز لە تورکیا لە شارە کوردییەکان، لە دیاربەکر و جزیر و شوێنەکانی دیکە دەکرا، لەژێر هەڕەشە و کوشتن و گرتن و تۆقاندنی هاووڵاتییان دەکرا، ئەو کاتە نوێنەری پارتی بووم لە تورکیا، بەڵام لە ساڵی 2000 بەفەرمی ئاهەنگی نەورۆزمان لە هۆتێلێکی تورکیا بەڕێوەبرد.

لەبارەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، سەفین دزەیی گوتی: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، پەیامی یەکڕیزی بوو بۆ خەڵکی کوردستان، ئاهەنگ و گردبوونەوە و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردەواری لە دیاربەکر، پەیامێکی بەهێز بوو لەوەی ئەگەر بارودۆخەکە وا بخوازێت کورد یەکڕیز بێت، ئەوە شتێکی مەحاڵ نییە، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ڕوونە کە ئەمڕۆ ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، بۆیە دەرفەتێکی گرنگە بۆ کورد یەکڕیز و یەک دەنگ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت مافەکانی خۆی بەڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە بچەسپێنێت.

لەبارەی ڕۆژی جلی نەتەوەی و ئاڵا، سەفین دزەیی ئاماژەی بەوە کرد، لە وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی 10ـی ئاداریان کردووە بە ڕۆژی جلی نەتەوەیی بۆ هەموو پێکهاتەکان، ساڵی دواتر لە سەرتاسەری دامەزراوەکانی حکوومەت کردوویانە بە ڕۆژی جلی نەتەوەیی، ساڵی 2012 لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەو ڕۆژەیان کردووە بە ڕۆژی جلی نەتەوەیی بە کوردستانیانی هەندەرانیش.

دەشڵێت: 17ـی 12 وەک ڕۆژی ئاڵا لە پەرلەمان دیارکرا و بڕیارماندا لە ناوەندەکانی خوێندن مەراسیمێکی شایستە بە ئاڵا ڕێک بخرێت لەو ڕۆژەدا، سەرباری ئەوەش ئاڵامان لەسەر چیای سەفیندا داناوە وەک تاجی سەر چیاکە.

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکڕیزی کورد و پارێزگاریکردن لە کوردستانیانی هەر چوار  پارچەی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی جێی سەرنج و بایەخ و ڕێزی سەرکردەکان بووە لەناوچەکە و ئاستی نێودەوڵەتی، باڵیۆزەکان زۆر جار کە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن، بۆ هەر بابەتێک کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، دێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیر و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بزانن، جەنابیشیان کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموون و پراکماتیکە، ئەو دید و بۆچوونانەی باسی لێوە دەکات، زۆرجار نزیکن لە واقیع، دەشڵێت: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، بۆ یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان بوو، هاوکات پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو پەیامە لەپێناو چارەسەری کێشەی کورد بە ئاشتیانە.

گوتی: کەسایەتی و پێگەی سەرۆک بارزانی لای هەموو لایەک ئاشکرایە کە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لە بەرەوپێشەوەبردنی ئەو پرۆسەیە کە بەشێوەیەکی دیراسەکراو پشتیوانی دەکات، پەیامی سەرۆک بارزانی کاریگەریی لەسەر لێکنزیکبوونەوەی کورد دەبێت.