ناوی سەدان فەرمانبەری دیكەی گەرمیان بۆ وەرگرتنی زەوی هاتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، ناوی 343 فەرمانبەری دیكەی گەرمیان بۆ وەرگرتنی زەوی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان هاتەوە.
هەینی، 14-03-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان ناوی ئەو فەرمانبەرانەی بڵاو کردەوە کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان، ئەوانەی زەوییان پێ دەدرێت، فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، ناوخۆ و پێشمەرگەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، باسی لەوەش کرد، کۆی گشتیی ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی، دوو هەزار و 232 کەسن.
یەکشەممەی ڕابردوو، 9ـی ئاداری 2025، سەربەست مەولوود، بەرپرسی هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوتبوو: دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، خێراتر دەکرێت و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.