میسر بۆ ئاگربەستی غەززە پێشنیازێکی نوێ دەخاتەڕوو

ئاژانسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کردووە، میسر پێشنیازێکی نوێی بۆ ئاگربەستی غەززە کردووە و حەماس و ئەمەریکاش بە پێشنیازەکە ڕازی بوونە.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەوەی ژمارەی کوژرانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە زیادی کردووە، بەرپرسانی میسر پەلە لە ڕاگەیاندنی پێشنیازێکی نوێ بۆ ئاگربەست دەکەن.

ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، پێشنیازەکە لە هەفتەی ڕابردووەوە ئامادە کراوە، هەر یەکە لە حەماس و ئەمەریکاش پێی ڕازی بوونە.

ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو بەرپرسی ئەمنیی پێشنیازەکەی میسر بۆ ئاگربەستی غەززە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە پێشنیازەکەدا داوا لە حەماس کراوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە، پێنج بارمتە ئازاد بکات، بەمەش ئیسرائیل لە هەفتەی دووەم بە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکە پابەند دەبێت.

ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئێستا 59 بارمتەی ئیسرائیلی لە زیندانەکانی حەماسن کە 24ـیان تەندروستیان باش نییە.

تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل له‌ بەربەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025،  بۆ سەر کەرتی غەززە، 700 کەس گیانیان سپاردووە لە نێوانیاندا 400 ئافرەت و منداڵ هەنە.

بە گوێرەی ڕاگەینراوی بزووتنەوەی حەماس، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەکە کوژراون.