ئەردۆغان داوا لە ئۆپۆزسیۆن دەکات دەست لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە لەو زیانانەی بەر موڵکی دەوڵەت و ئەندامانی پۆلیس کەوتووە، لەسەر ئەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی گوتی: ئۆپۆزسیۆن دەست  لە هاندانی خەڵک هەڵگرێت، ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە تەنها شەرمەزارییە، دەشڵێت: خۆنیشاندانەکانی دژی لەکارلادانی سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ گۆڕاوە بۆ توندوتیژی، زیان بەر موڵکی دەوڵەت و پۆلیس کەوتووە، ئۆپۆزسیۆن لەسەر ئەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەردۆغان گوتی: کارە لە پێشینەکانمان پاراستنی ئابووری تورکیایە و ڕێگە نادەین زیان بەر ئەو کەرتە بکەوێت، گوتیشی: نمایشەکانی ئۆپۆزسیۆن و خۆ نیشاندانەکانیان کۆتایی دێت، شەرمەزار دەبن لەوەی شەڕیان بۆ تورکیا هێنا.