شێروان دووبەردانی: مووچەخۆرانی هەرێم بەر لە جەژن مووچەکانیان وەردەگرن

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کێشەیەک لە پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە و تەنیا واژۆی وەزیری دارایی عێراق ماوە بۆ ناردنی.

دووشەممە، 24ـی ئاداری 2025، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هیچ کێشەیەک لە پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵدا نییە و تەنیا ئەوە نەبێت کە وەزیری دارایی گوتوویەتی دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانمان، مووچەی مانگی ئاداری هەرێمی کوردستان دەنێرن.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، بڕیار بوو ئەمڕۆ واژۆ لەسەر ناردنی مووچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام بە بیانووی ئەوەی تاوەکو دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەواو دەکرێت دواتر واژۆ لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.

شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئێمە هەمانە سەد لەسەد مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەر لە جەژنی ڕەمەزان مووچەکانیان وەردەگرن.