ئەمەریکا دووەم کەشتی فڕۆکە هەڵگر دەنێرێتە دەریای سوور

ئەمەریکا دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی دەنێرێتە دەریای سوور، بۆ ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر حووسییەکان فراوانتر بکات.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای کرد، پێنتاگۆن دووەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ ئەوەی هێرشی فراوانتر بکاتە سەر حووسییەکانی یەمەنم هاوکات پارێزگاریی کردن لە ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی دەریای سوور، ئەوەش دوای زیادبوونی ئاڵۆزی و گرژییەکان و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و بە ئامانج گرتنی بارەگاکانی حزبولڵای لوبنانی.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کەشتی جەنگی(یو ئێس ئێس کارل فینسۆن)ـی لە شوێنی ئێستای لە زەریای هێمنەوە گواستەوە بۆ دەریای سوور و بڕیارە ئەو کەشتییە هەفتەی داهاتوو بگاتە شوێنی مەبەست.

بەرپرسانی پێنتاگۆن ئاشکرایان کرد، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا فەرمانی کردووە فڕۆکە هەڵگری هاری ترومان بۆ ماوەی مانگێکی دیکەش لەو شوێنەی خۆی بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەی بڕیاربوو تا مانگی داهاتوو لە دەریای سوور بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی پێنتاگۆن دووپاتیان کردەوە، هێرشەکان بۆ سەر حووسییەکان بەردەوام دەبێت بێ ئەوەی هیچ کاتێك بۆ کۆتایی هێنان بۆ هێرشەکان دیاریی بکەن.

شۆن بارنیل، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند: حووسییەکان 174 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی جەنگی  ئەمەریکا، هاوکات 145 جار هێرشیان کردووەتە کەشتییە بازرگانییەکان لە ساڵی 2023ـەوە، دەشڵێن: هێرشی حووسییەکان ئەو کاتە وەستابوون کە ئاگربەستی غەززە ڕاگەیەندرا لە 19ـی کانوونی دووەم، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر غەززە، ئەوانیش دەستیان بە هێرشەکانیان کردەوە.