ڕۆژنامەنووسێک بە هەڵە دەخرێتە نێو گرووپ چاتێکی بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا

جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک
جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک

ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، بە هەڵە خراوتە نێو گرووپچاتێک، کە تێیدا بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە لە نێوخۆیاندا زانیارییەکانی هێرشەکانی ئەم دواییە ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.

دووشەممە 24ـی ئاداری 2025، جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 13ـی ئاداری 2025 لەلایەن مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا بە هەڵە خرایە نێو گرووپچاتێک کە تایبەت بووە بە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن.

گۆڵدبێرگ ئاماژەشی داوە، گرووپەکە بە ناوی (Houthi PC small group ) بووە کە 18 بەرپرس لە گرووپەکەدا هەبوونە لە نێوانیاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش، پیتی هیوز، وەزیری بەرگری، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جۆن ڕاتکەلیف، بەڕێوبەری گشتیی سی ئای ئەی بوون.

بە گوێرەی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییە، یەکەم نامەی نێو گرووپەکە لەلایەن مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا بووە کە تێید باسی لەوە کردووە، تیمەکان گرووپێکی بەڕێوەبردنیان دامەزراندووە بۆ هەماهەنگیی لە هێرشکردنە سەر حووسییەکان، بە تایبەتی لە 72 کاتژمێری داهاتوودا.

لە 15ـی ئادار، 2025،  دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان، پیتی هیوز، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا چەند زانیارییەکی نهێنی لە بارەی هێڕشەکە و قەبارەی زیانی حووسیەکانی نارد بۆ گرووپەکە.

لەو بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی  پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا گوتی: هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نییە، بەڵام بە جیددی حەز بە ڕۆژنامەی ئەتڵەنتیک ناکەم.

برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆشکی سپی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات.

هاوکات ئەم ڕووداوەش بەر لە هێرشە فراوانەکانی 15ـی ئاداری 2025 بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دێت، دوای کاردانەوەکان گۆڵدبێرگ ڕاستەوخۆ لە گرووپەکە دەچێتە دەرەوە.

ڕۆژی شەممە، 22ـی ئاداری 2025، نووسینگەی پیت هێگسێت 'Pete Hegseth' وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، داوای هاوکاری لە هەواڵگریی سەربازیی کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکانی پێنتاگۆن.

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "زانیاریی هەستیار کە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی، لەوانە پەیوەندییە نهێنییەکان، ئاشکرا بوونە. ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد هەیە."