دیموکراتەکان داوای لێکۆڵینەوە لە دزەکردنی زانیارییەکانی گرووپچاتی تایبەت بە حووسییەکان دەکەن

دوای ئەوەی پلانی جەنگی ئەمەریکا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکدا بڵاو کرایەوە، دیموکراتەکان داوای لێکۆڵینەوە لە ئیدارەی ترەمپ دەکەن و ئەویش دەڵێت: ئاگادار نیم.

جاک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، ڕەخنە لە هاوبەشکردنی ڕۆژنامەنووسیک لەو گرووپچاتە، بە بێئاگاداری پلانی جەنگی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پێنتاگۆن) دەگرێت و داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو" لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات.

شومەر گوتی: ئەوە یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرترین پێشێلکارییەکانی هەواڵگریی سەربازی کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا بێوێنەیە. ئەم شکستە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تەواو هەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن ئەمە ڕووی داوە.

لەسەر ئەم پرسەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا "هیچ سەبارەت بە هاوبەشییپێکردنی ڕۆژنامەنووسێک لەو گرووپچاتەدا نازانم، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، باسیان لە هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەرحووسییەکانی یەمەن کردووە."

جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری "ئەتلانتیک" لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد "ڕۆژی پێنجشەممە، 13-03-2025، لەلایەن بەرپرسێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکاوە بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە.  

وەکوو ئەوەی گۆڵدبێرگ باسی کردووە "لەو گرووپەدا کە ناوی لێ نرابوو 'گرووپی بچووکی حووسییەکان' زانیاریی گرنگ و نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێ دەکران. بۆ ماوەیەک هەستم دەکرد هەڵەیەک هەیە و یان ئەگەری هەیە گرووپەکە ساختە بێت یان هاک کرابێت."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment