وەزارەتی دارایی: ڕێکارەکانی تەموویلی مووچەی مانگی ئادار تەواو کران

ڕێکارەکانی تەموویلی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تەواو کران. وەزارەتی دارایی دەڵێت: بڕیارە سبەینێ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان.

سێشەممە، 25-03-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "کەمێک لەمەوبەر، سەرجەم ڕێکارەکانی تەموویلی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆر، فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینارە، لە لایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە تەواو کران."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە "بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 26-03-2025، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."   

ڕۆژی چوارشەممە، 12-03-2025، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوبات (دوو) فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

هەمان ڕۆژ، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی ڕاسپارد لە زووترین کاتدا لیستی مووچەی مانگی ئادار ئامادە بکەن و بۆ وەزاتی دارایی عێراق بنێرن، تاوەکوو پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی ئەم مانگە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت.