ڕووسیا: ڕەنگە ئاگربەستی دەریایی لەگەڵ ئۆکرانیا ئیمزا بکەین
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئیمزاکردنی ئاگربەستی دەریایی لەگەڵ ئۆکرانیا بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئەگەرێکی بەهێزە.
سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند "گفتوگۆکانی دوێنێی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعوودیە لەبارەی پاراستنی کەشتییەکانی دەریایی ڕەش بووە."
ئاماژەشی دا، ئیمزاکردنی ئاگربەستی دەریایی ئەگەرێکی بەهێزە، بەڵام مەرجمان هەیە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتیشی: وڵاتەکەی دەیەوێت هەموو ئەو کەشتییە بەتاڵانە بپشکنێت کە بە دەریاکەدا تێ دەپەڕن، بۆ ئەوەی چەکیان پێ نەگوازرێتەوە.
جەختیشی کردەوە، ئاستەنگێکی زۆر لەبەدەم کەشتییەکاندا هەیە بۆ هەناردەی کەلوپەلەکان.
پێشتر ڕۆیتەز، لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، کۆبوونەوەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا ئەرێیی بوون، پێشبینی دەکرێت ڕاگەیندراوێک بەم نزیکانە بڵاو بکرێتەوە.
هەروەها سەرچاوەیەکی ڕووسی نزیک لە شاندی دانوستانکار، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش کە پوختەی کۆبوونەوەکانی دوێنێی تێدا باس کراوە، لەلایەن شاندەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا، بۆ واشنتن و مۆسکۆ نێردراوە بۆ ئەوەی پەسەند کردن و بڵاوکردنەوەی.