وەزارەتی بازرگانی: بۆ زیادکردنی بڕی وەرگرتنی گەنم، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکەین

وەرزی دروێنەکردنی دانەوێڵە نزیک بووەتەوە. بریکاری وەزارەتی بازرگانی دەشڵێت: ئەو بڕە حکوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، زۆر کەمە و قبووڵی ناکەین.
سێشەممە، 25-03-2025، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دوای جەژنی ڕەمەزان، لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق، دەکەین."
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی بازرگانی "حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئەمساڵ تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، ئەمە لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نین و هەموو هەوڵێکمان دەدەین تاوەکوو بڕێکی زیاتر گەنم لە جووتیارانمان وەربگیرێت."
هاواری، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەگەر ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمان دەبێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئەو بڕەیەی دیاری کراوە ڕەت دەکەینەوە.