کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ سەرۆک بارزانی: پەیامەکەتان پشتگیرییەکی بەهێزە بۆ کوردستانیانی تاراوگە

دوای ئاهەنگی نەورۆزی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کە ژمارەیەکی زۆری کوردستانیانی هەر چار پارچە بەشدارییان تێیدا کرد، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی کورد لە ئاهەنگی نەورۆزی شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەربڕی و گوتی: لە ئاهەنگەکەی کۆڵن ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیش وەڵامی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، پەیامەکەتان وەک پشتگیرییەکی بەهێز بۆ کوردستانیان دەبینین.

سێشەممە25ـی ئاداری 2025، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، وەڵامی پەیامێکی سەرۆک بارزانییان بۆ ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن داوەتەوە و دەڵێن: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی وەک پشتگیرییەکی بەهێز بۆ گەلی کورد و کوردستانیان لە تاراوگە و پارچەکانی خاکی کوردستان دەبینین، دەشڵێن: سوپاسی بێپایانمان بۆ سەرۆک بارزانی کە هەردەم پشتیوانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی و بارەگای بارزانی دەکات کە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان، توانیان سەرکەوتنێکی مەزن لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن بەدەستبێنن.

لە پەیامەکەدا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ستایشی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان کردووە کە بەجۆش و خرۆشی زۆرەوە پشتیوانی سەرخستنی ئاهەنگەکەی کۆڵنیان کرد، سەرباری سەرۆکی شارەوانی کۆڵن کە بە پەیامێکی فەرمی هاوبەشی جەژنەکەیانی کردووە، لەگەڵ پۆلیسی شارەکە کە ئاسایشی ئاهەنگەکەیان پاراست، ئەمە جیا لە بەشداریی سەدان هەزار کوردستانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە جل و بەرگی کوردی و ئاڵای پیرۆزی  کوردستان، کۆنفیدراسیۆن ئاهەنگەکە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کوردستان وەسف دەکات.

23ـی ئاداری 2025، دوای بەڕێوەچوونی ئاهەنگی فراوانی نەورۆزی کۆڵن، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی کورد لەو ئاهەنگە دەربڕی و گوتی: لە ئاهەنگەکەی کۆڵن ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت، گوتیشی: دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت.

ئەمە دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بوو:

 بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی خۆشحاڵییە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد بە جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری (كۆڵن)ـی ئەڵمانیا كرد. بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی كوردستانیانی خۆشەویست و شوێنكەوتوانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری لەم گردبوونەوەیەدا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ توانا و زیندوویەتی ڕەوەندی كوردی لە دەرەوەی وڵات و سەلمێنەری ئەوەشە كە ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە دەرەوەی وڵات هێزێكی گەورە و هەمیشە ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە ناوەندە جیهانییەكان و لەناو ڕای گشتیی جیهانی. هەرچەندە لە ئاهەنگەكەی شاری كۆڵن دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا و لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت. لێرەدا سوپاسی تاك تاكی ئەو خۆشەویستانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشی كوردانە و بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلەكەیان لەو گردبوونەوە پڕشكۆیەدا بە جیهانیان گەیاند و دەستخۆشیان لێ دەكەم. هیوادارم هەمیشە لە خۆشی و جەژن و شادیدا بن، سڵاو لە هەموو خەباتگێڕان و ئازادیخوازان و دڵسۆزانی كورد لە هەر شوێنێكی جیهان بن. 

مسعود بارزانی

 23ی ئاداری 2025