وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سێ بەرپرسی باڵای ئیتڵاعاتی ئێرانی سزادا

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، بە تاوانی ئەوەی ڕۆڵیان هەبووە لە ڕفاندن و مردنی کارمەندێکی پێشووی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی ئەمەریکا (ئێف بی ئای)، سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی سزادا .

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئاداری 2025 ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی ئەمەریکا(ئێف بی ئای)، سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی خستووەتە لیستی سزادراوان کە دەستیان لە ڕفاندن و مردنی ڕۆبەرت لوینسۆن، کارمەندی پێشووی دامەزراوە فیدراڵییەکە هەبووە. 

سەبارەت بەم سزا نوێیەی سەر بەرپرسانی ئێران، ئیسکۆت بسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت: شێوازی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ لوینسۆن پەڵەیەکی شەرمەزارییە لە مێژووی تاریکی ئەو وڵاتە، بە تایبەت لە لایەنی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، هەربۆیە ئێمە لەگەڵ تەواوی لایەنە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوە و بە دواداچوونی لە بەرپرسانی ئەو تاوانکارییەی کراوە، بەردەوام دەبین.

ڕۆبەرت لوینسۆن، کارمەندی پێشووی بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بووە لە  دامەزراوەی لێکۆڵینەوەکانی فیدراڵی ئەمەریکا، لە 9ی نیسانی 2007 دوای بەڕێکەوتنی لە فڕۆکەخانەی دوبەی بۆ دوورگەی کیش، شوێنبزر کراوە، بەڵام لە ساڵی 2021 خێزانەکەی هەواڵی مردنی لوینسۆنی ڕاگەیاند.

ئەو کەسانەی ئەمریکا خستوونیەتیە لیستی سزاکانیەوە بریتین لە ڕەزا ئەمیری، غولام حوسێن موحەمەد نیە و تەقی دانیشڤەر، بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو سێ ئەفسەرەی هەواڵگری ڕۆڵیان هەبووە لە ڕفاندنی لێڤینسن و ئەگەری مردنی، هاوکات ڕۆڵیان هەبووە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ پەردەپۆشکردن یان خۆدزینەوە بەرپرسیارێتیان.