بە کەرنەڤاڵی نەورۆزی کۆڵن کوردستانیانی هەرچوار پارچە نیشانیاندا کوردستان یەک پارچەیە

بەدەمگوتنەوەی "كوردم و كوردستانیم" لە شاری كۆڵن لە ئەڵمانیا دەیان هەزار كوردی پارچەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، باكوور و باشوور لە ئاهەنگی نەورۆز بۆ پشتگیركردن لە رۆژئاوا كۆ بوونەوە.

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە کۆڵن گوتی: نەورۆزی ئەمساڵ جەژن نییە، بەڵکو بۆ هاوسۆزی و پشتیوانییە لە ڕۆژئاوای کوردستان.

زیاتر لە 50 هەزار كورد، لەگۆڕەپانێك هەڵپەڕكێ و خۆشی خۆیان لە نەورۆز دەربڕی و ژمارەیەك لە پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوور مەترێك بە بازنەیی چاودێریی دۆخەكەیان كرد.

بەگوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، هیچ ڕووداوێكی نەخوازراو ڕووینەدا و كەس بریندار نەبوو، میدیاكانی ئەڵمانیا و وڵاتان بەگرنگییەوە باسیان كرد.

رۆژنامەی wdr ئەڵمانی دەڵێت: پۆلیس پێشبینی نەدەكرد ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك بەشداری بكەن، بەڵام ئاهەنگەكە بەبێ كێشە و ئارامی بەڕێوەچوو.

دوای تەواوبوونی ئاهەنگەكە، سەرۆک بارزانی  خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری فراوانی كورد دەربڕی و گوتی: لە ئاهەنگەكە دەستێكی نائەمین هەوڵی تێكدان و نانەوەی ئاژاوەی دا،  لە ڕووماڵكردن ویستیان پەیامی گردبوونەوە جەماوەرییەكەی نەورۆزی (كۆڵن) بەلاڕێدا ببەن، بەڵام دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی بەشداربووان ڕێگەی بەوە نەدا ئەو هەوڵانە سەر بگرێت و لەو ئاهەنگەدا ڕێبازی دڵسۆزی بۆ وڵات و كوردستانیبوون سەركەوت.

كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی پەیامێكی سەركەوتنی لەبارەی ئاهەنگەكەی كۆڵن بڵاو كردەوە و گوتی: سوپاسی سەرۆك بارزانی دەكەین و پەیامەكەی وەك پشتیگیرییەكی بەهێز بۆ گەلی كورد و كوردستان لە دیاسپۆرا و پارچەكانی دیكەی كوردستان دەبینین.

Dw ـی ئەڵمانی لەناو ئاهەنگە راپۆرتێكی كردووە و دەڵێت: سەرلەنوێ ئاهەنگی ئاشتی و ئازاد بەڕێوە چووە و ملیۆنان كورد لەتەواوی جیهان جەژنەكەیان پیرۆز دەكەن و نەورۆزكەیان ئەمساڵ چێژێكی تایبەتی هەیە.

 تی ئۆنلاین ئەڵمانی دەڵێت: نەورۆزی ئەمساڵ مانایەکی گەورەتری بۆ كورد هەیە، چونكە ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێكردووە و هیوایەك هەیە كورد لە توركیا و سووریا مافەكانیان بەدەست بهێنن. 

كۆنفیدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی رایگەیاندووە، لە ئاهەنگەكەدا نموونەیەكی جوانیان نیشانی هەموو جیهانداوە كە گەلێكن حەز بە ئازادی، ژیان و مرۆڤ دۆستی دەكەن.

عاکف حەسەن، سەرپەرشتیاری ئاهەنگی کۆڵن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە ئاهەنگی نەورۆزی کۆڵن ویستمان پەیامێک بدەینە شام بۆ ئەوەی مافی کورد بپارێزن و لە دەستوور بیچەسپێنن، بە ڕۆژئاوای کوردستانیشمان گوت: ئێوە تەنها نین، هەر چوار پارچەی کوردستان بەیەکەوەن.

محەممەد ئیحسانیش گوتی: ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات ژیاوم، یەکەمجارە لە هەموو ژیانی خۆم ببینم، کورد بەو ژمارە، بەو ڕێکوپێکییە، بەو ڕێکخستنە، بەو هەڵوێستە نیشتمانییە کارێکی وا بکەن، بەڕاستی ئەمە جێی دەستخۆشییە، جێی فەخرە بۆ کوردستانیانی دیاسپۆرا، هاوکات بۆ ئەو دەزگایەی کار لەسەر کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات، بەتایبەت شیفا بارزانی و هاوکارەکانی، کارێکی زۆر ڕێکوپێکیان کرد، یەکەم جارە ڕووداوێکی وا نەتەوەیی ببینم، کوردیش بە هەموو ژیانی خۆی، بەقەد ئەمڕۆ، پێویستی بە کارێکی وا نەبووە کە کرا و هێزی خۆی نیشاندا لە جیهان.